راپۆرت

ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ھێزەکانی لایەنگری ئێران کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


ئەڵمانیا و بەریتانیا پشتیوانی لە ھێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ھێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا دەکەن، (رووسیا و سوریا و فەنزویلا و ئێران)یش ئیدانەی دەکەن.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، چەند خولەکێک پێش ھێرشەکە بۆ سەر ھێزەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، ئەمریکا رووسیای ئاگاداری کردووەتەوە، بەڵام ئەو ھێرشە ھەوڵەکان بۆ دەربازکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لە ھەڵوەشاندنەوە لەباردەبات، وتیشی، ئەو ھێرشە ئاماژەیەکی مەترسیداری سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ پێشێلکردنی سەروەری وڵاتانی ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی فەنزوێلاش ھێرشەکە بە دەستپێکردنی شەڕێکی بێ کۆتایی و پاشەکشێی ئەمریکا لە رێگەچارەی دیپلۆماتی ناوبردووە.

سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ھێرشەکەی بە دەستدرێژی ناوبردووە و رایگەیاند، ئەم ھێرشانە رەوشی سوریا و ناوچەکەش زیاتر ئاڵۆز دەکات.

لەبەرامبەریشدا ئەولریکە دیمر وتەبیژی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ھێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ بە ئامانجکرتنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق، دەشڵێت، تێکدانی سەقامگیری عێراق لەلایەن گروپەکانەوە قبوڵکراو نییە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش پشتیوانی ئەمریکای کردووە و رایگەیاندووە، ھێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ ھەڕەشە و زیادبوونی مەترسی گروپە چەکدارەکان.

ھاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاند، بەغداد ھیچ جۆرە گۆڕینەوەی زانیارییەکی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ھێرشی ئەم دواییە لە سوریا نەبووە، پنتاگۆنیش ئەو ھەواڵەی حکومەتی عێراقی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بۆ ئەو ھێرشەیان ھیچ زانیارییەکان لە عێراق وەرنەگرتووە.

دوابەدوای بۆردومانکردنی بارەگای گروپە چەکدارەکانی سوریا لەلایەن پنتاگۆنەوە، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە  کەتیبەکانی حزبوڵای عێراق رایگەیاند، تۆڵەی خۆیان لە ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەنەوە و ھێرشی توندیشیان کردە سەر حکومەتەکەی، مستەفا کازمی.

ھێرشەکەی پەنتاگۆن لە کاتێکدایە کە تەنھا زیاتر لەمانگێک تێپەڕبووە بەسەر دەستبەکاربوونی (جۆبایدن) لە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی، بەڵام ھێرشەکە ئاماژەیەکە بۆ گەیاندنی پەیامێک بە تاران، نەک ھەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتە.



مانگ پێشتر - Feb 27 2021 7:11PM
Print Friendly and PDF
زیاتر