عێراق

مستەفا کازمی پارێزگارێکی نوێی بۆ زیقار دەستنیشانکرد


کازمی پارێزگارێکی نوێی بۆ زیقار دەستنیشانکرد و نووسینگەکەشی دەڵێت حکومەت ھەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکردووە، بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە و ئەنجامدانی چاکسازیی لەسەرجەم یەکە ئیدارییەکاندا.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، رێوشوێنەکانی ئەم دواییەی حکومەت لە پارێزگای زیقار کە دیارترینیان دووخستنەوەی پارێزگار و دانانی کەسێکی تر لەو پۆستەدا، ھەنگاوێکە بە ئاراستەی ئەنجامدانی چاکسازیی و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، لە پارێزگاکەدا.

ڕونیشیکردەوە، ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری کە ڕاستەخۆ پەیوەندی بە سەرۆک وەزیرانەوە ھەیە پێکھێنراوە و، لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵ لێپرسراوانی یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای زیقار دەستیپێکردووە، کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری ناسریەدا، تێوەگلاون.

شەوی ڕابردوو، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەبدولغەنی ئەسەدی وەک پارێزگاری نوێی زیقار، دیاریکرد، کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێراقیش بڵاویکردەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شاری ناسریە ناوەندی پارێزگای زیقار بەردەوامە و نزیکەی ١٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٢٠ خۆپیشاندەر و پۆلیسیش، برینداربوون.


مانگ پێشتر - Feb 27 2021 10:40AM
Print Friendly and PDF
زیاتر