راپۆرت

لە ٢٠٢٠دا خەرجی سەربازی لەجیھاندا ١٨٣٠ ملیار دۆلار بووە


سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دروستبوونی قەیرانێکی ئابوری لە سەرانسەری جیھاندا، خەرجی سەربازیی لە جیھاندا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردوە.

پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی کە بارەگاکەی لە بەرتانیایە ڕایگەیاندووە، بڕی خەرجییە سەربازییەکان لە ساڵی رابردودا گەیشتۆتە ١٨٣٠ ملیار دۆلار، ئەو بڕەش بە رێژەی ٣.٩٪ لە خەرجییەکانی ساڵی ٢٠١٩ زیاترە. 

پشکی شێری ئەو خەرجیانەش بەر ئەمریکا دەکەوێت کە کۆی خەرجییەکانی لەو بوارەدا نزیکەی ٧٣٨ ملیار دۆلارە، دوای ئەویش چین بە پلەی دووەم دێت کە کۆی خەرجییەکانی لە ١٩٣ ملیار دۆلار زیاترە و بە بزوێنەری گەشەسەندنی بودجەی سەربازیی ئاسیا دادەنرێت.

ئەو پەیمانگایە رایگەیاندوە، ھەندێک وڵاتان لە بودجەی سەربازییان ھەموارکردووە بە مەبەستی تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ دابینکردنی کۆمەک و پێداویستییە گرنگەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە وڵاتان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە.  

راپۆرتی پەیمانگاکە جەخت دەکاتەوە کە چین بە شێوەیەکی بەردەوام کار دەکات بۆ بەھێزکردنی ھێزە دەریاییەکەی لەگەڵ زیادکردنی ژمارەی کەشتییە جەنگییەکانی و بەردەوامیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی لە چەند ناوچەیەکی جێناکۆک لە دەریای چین ھەیە. 

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ئەوروپاش خەرجییە سەربازییەکان لە ھەڵکشاندان، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی ناتۆ ھێشتا زۆر لەوەوە دورن کە ٢%ی کۆی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ مەبەستی سەربازیی تەرخان بکەن، لە راپۆرتەکەدا ھاتووە، فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا پەبەندن بەوەی کە بودجەی بەرگرییان زیاد بکەن و خۆیان لە بڕین یان کەمکردنەوەی بودجەی بەرگری ھاوشێوەی ھەردوو ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ بە دوور بگرن.



مانگ پێشتر - Feb 26 2021 3:57PM
Print Friendly and PDF
زیاتر