راپۆرت

زانیاری لەبارەی بردنە دەرەوەی پارەکانی عێراق ئاشکرادەکرێت


لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە سەدا حەفتای ئەو پارانەی لە عێراق بە تاڵان براونەتە دەرەوە داھاتی نا نەوتی بوون.

عەبدولئەمیر مەیاحی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی راپۆرتەکانی لیژنەکەیان، لە سەدا حەفتای ئەو پارانەی لە ماوەی رابردوو لە عێراق بە شێوەی نایاسایی و بە تاڵان براونەتە دەرەوە، داھاتی نا نەوتی بوون، سەدان گەورە لێپرسراوی حزبی و حکومییش لە دۆسێیانەوە تێوەگلاون.

عەبدولئەمیر مەیاحی ئاشکراشیکردووە، داھاتی دامەزراوە نا نەوتییەکان لە عێراق بووەتە گەورەترین سەرچاوەی گەندەڵی، زۆرترین گەندەڵیش لە دامەزراوەی بەرگری و وەزارەتەکانی کارەبا و گواستنەوە تۆمارکراون کە سەدان ملیاری دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئەو  ئەندامە لیژنەی دەستپاکی راشیگەیاندووە، لەناو حکومەتدا رێککەوتنێکی ژێر بەژێر ھەیە کە بووەتە ھۆی ئەوەی کێشەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان بەردەوام بێت، بە تایبەتی لێخۆشبوون بە رێژەی ٧٠% بۆ  کۆمپانیاکانی پاشکۆی حزب، کە کەلوپەل ھاوردەی عێراق دەکەن.

لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی گەندەڵی دارایی و کارگێڕییەوە، سەدان پرۆژەی وەبەرھێنان لە عێراق پەکخراوە، ھەر بەھۆی گەندەڵییەوە، مەترسی ھەیە کارەکانی فراوانکردنی بەندەری فاویش ھەڵبوەشێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتییش، عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لە گەندەڵترین وڵاتانی جیھان و حکومەتەکەی رووبەڕووی ئاستەنگی جدی کردووەتەوە، کە وایکردووە بەلاوازی بمێنێتەوە، بەپێی داتا و ئامارە کۆکراوەکانیش لە عێراق، قەبارەی گەندەڵی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠٢٠، ٤٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.



مانگ پێشتر - Feb 26 2021 2:29PM
Print Friendly and PDF
زیاتر