ھێرشێکی مووشەکی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکای لە بەغداد کردە ئامانج

2021-07-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەیانی ئەمڕۆ بە دوو مووشەک ھێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و سیستمی دژە مووشەکیش نەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغداد بە دوو مووشەکی کاتیۆشا، کراوەتە ئامانج و سیستمی دژە مووشەکی "سی رام"یش شکستی ھێناوە لە پەرپەرچدانەوەی مووشەکان و پارچەکان بەر چەندین ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان و ماڵەکانی ناوچەی مەنسور کەوتوون.


ئەوەش یەکەمین ھێرشی مووشەکییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە دوای کۆتاییھاتنی خولی چوارەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغداد و سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا. 


لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە، نزیکەی ٥٠ ھێرش کراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و ھەولێر و چەندین کاروانی لۆجستی ھاوپەیمانان کراونەتە ئامانج.