دەمپارتی رەتیدەکاتەوە گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کردبێت لەبارەی ھەموارکردنەوەی دەستوور و جەختیشدەکاتەوە، ئاکەپە لە ٢٢ ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا وڵاتی گەیاندوەتە ئاستی ھەژاری و برسێتی، ناتوانێت دەسەڵات بەرێوەببات.
ئایشەگول دۆغان وتەبێژی دەمپارتی رایگەیاند، گفتوگۆیان لەگەڵ نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا نەکردووە، بۆ ھەموارکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستووری نوێ، ھیچ پێشنیازێکیان لەو بارەیەوە پێشکەشنەکردووە.
ھاوکات تولای حاتەم ئۆغلاری ھاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان"دەم پارتی" لە چوارچێوەی وتووێژەکانی"نان و دادپەروەری"رایگەیاند، گەل پێویستی بە نان و دادپەروەری ھەیە، ئاکەپە لە ٢٢ ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا وڵاتی گەیاندوەتە ھەژاری و برسێتی، ناتوانێت دەسەڵات بەرێوەببات، خراپترین کارەساتی بەسەر وڵاتدا ھێناوە.
وتیشی، ھاووڵاتییان بەھۆی سیاسەتەکانی حکومەتەوە ھەموو شتێک لە دەرەوە دەکڕن، کەرتی کشتوکاڵ لەناوچووە، ئەوەش برسێتی و ھەژاری لێکەوتوەتەوە و خەڵک وڵات بەجێدەھێڵن، چارەسەریش بریتییە لە ڕێگریکردن لە ھاوردەکردن و کردنەوەی ناوچە کشتوکاڵییەکان و کەمکردنەوەی تێچوونەکان و یارمەتیدانی جووتیاران.