تەکنەلۆژیا

(Hyundai) ژمارەیەکی زۆر ئوتومبێل لە بازاڕەکاندا دەکشێنێتەوە


لە هەواڵێکی ئاژانسی (BBC)دا هاتووە، کۆمپانیای "هیەندەی"ی کۆری نزیکەی ٨٢ هەزار ئوتومبێلی کارەبایی لە بازاڕەکانی جیهاندا دەکشێنێتەوە بەهۆی بوونی مەترسی کەوتنەوەی ئاگر لە پاتری ئەو ئوتومبێلانەدا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، بەرپرسانی کۆمپانیای "هیەندەی" ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ناڕێکییەک لە بەرهەمهێنانی پاتری ئەو ئوتومبێلە کارەباییانەدا مەترسی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەی لێدەکرێت و لە ئێستاشدا پلانێکی وردیان هەیە بۆ گێرانەوەی ئەو ئوتومبێلانە.

بە پێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیاش زۆربەی ئوتومبێلە کارەباییەکان لە جۆری "Kona"ن کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ بەرهەمهێنراون و نوسینگەی تۆماری فرۆشی کۆمپانیاش دەریدەخات کە دەیان هەزار ئوتومبێلی لەم جۆرە تەنها لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیادا فرۆشراوە.

جێی ئاماژەیە، جگە لە ئوتومبێلی جۆری "Kona" ، هەندێک پاسی نەفەرهەڵگر و ئوتومبێلی "ئایۆنیک"ی کۆمپانیای ناوبراویش دووچاری هەمان گرفت بوونەتەوە.

لە کۆتایدا، شارەزایانی بواری ئابوری، زیانی کۆمپانیای (Hyundai) لە کێشانەوەی ئوتومبێلەکانی لە سەرتاسەری جیهاندا بە نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکەن.

مانگ پێشتر - Feb 24 2021 7:24PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12