کوردستان

هاوسەرۆكانی یەكێتیی لە دەباشان پێشوازییان لە عەمار حەكیم كرد


هاوسەرۆكانی یەكێتی جەختدەكەنەوە لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.

هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازییان كرد لە وەفدێكی باڵای هاوپەیمانیی عێراقیون بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتیمانی و سەرۆكی هاوپەیمانی عێراقیون، لە دیدارێكدا هاوسەرۆكانی یەكێتیی جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری هەموو لایەنەكان لە پرۆسەی سیاسیدا، هاوكات ئاماژەیان بە ڕۆڵ و هەڵوێستی نیشتیمانی عەمار حەكیم كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، داواشیانكرد هەوڵەكانی بەردەوام بێت بە تایبەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم كە كاری لە پێشینەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە.

هاوسەرۆكانی یەكێتی باسیان لە ڕۆڵی یەكێتیی كرد لە پێناو ڕەخساندنی دیالۆگێكی بنیاتنەرانە لە نێوان هەرێم و بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و دابینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و لابردنی كۆسپەكان بۆ ڕێككەوتنی یەكلاكەرەوە لە چوارچێوەی دەستووردا.

لە بەرامبەریشدا عەمار حەكیم ئاماژەی بەو پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزە كرد كە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان هەیانە و بناغەكەی لەلایەن شەهیدی میحراب و سەرۆك مام جەلال داڕێژراوە و هەنگاوی گەورە و گرنگی لێ بەرهەمهاتووە، داواشیكرد پێكەوە درێژە بەو ڕێبازە بدەن.

6 ڕۆژ پێشتر - Feb 20 2021 3:11PM
Print Friendly and PDF
زیاتر