راپۆرت

ئەمریکا بەشداری لە فراوانبوونی ئەرکەکانی ناتۆ لە عێراق دەکات


فراوانکردنی ئەرکەکانی ناتۆ، دەرگا لە بەردەم ناردنی ھێزی زیاتری ئەمریکاو بەریتانیا بۆ خۆرھەڵاتی ناوەراست و عێراق دەکاتەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، دڵنیایی نادات کە ھێزی زیاتر رەوانەی عێراق بکات، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، پلان بۆ زیادکردنی ھێزەکانی لە عێراق دادەنێت.

دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ و بریاری زیادکردنی ھێزەکانی ناتۆ لە عێراق و فراوانکردنی ئەرکە سەربازییەکانیان لە بواری مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی عێراق، تۆڕی ھەواڵی " سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە قەبارەی خۆی لە ناتۆ، بەشداری لە فراوانبوونی ئەرکەکانی ھاوپەیمانییەکە لە عێراق دەکات، بەڵام جۆن کێربی وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، ھەرچەندە ئەمریکا پشتیوانی لە فراوانبوونی ئەرکەکانی ناتۆ لە عێراق دەکات، بەڵام تائێستا ھیچ پلانێکی نیە بۆ زیادکردنی ھێزەکانی لە عێراق.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی " دەیلی مەیل"ی بەریتانی ئاشکرایکرد، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە نیازی زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانیەتی لە عێراق بۆ پێنج ھەزار سەرباز، راشیگەیاند، بەریتانیا سەدان سەربازی تر رەوانەی عێراق دەکات، بەجۆرێک لە پاش دواین جەنگی کەنداو ئەوەندە ھێزی رەوانەی عێراق نەکردووە، ئێستا بەریتانیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، خاوەنی ١٠٠ سەربازە لە عێراق، کە ئەرکیان پێدانی مەشق و راھێنانە بە ھێزە ئەمنییەکان و پێشبینی دەکرێت ژمارەکەیان بۆ ٢٠٠ تاکو ٣٠٠ سەرباز زیاد بکرێت.

زیاکردنی ئەرکەکانی ناتۆ لە عێراق، دوای چەند رۆژێک دێت لە ھێرشە مووشەکییەکەی سەر ھەولێر، کە بەھۆیەوە بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژرا و نزیکەی ١٠ سەرباز و بەڵێندەری تری بیانی برینداربوون، بەڵام پێدەچێت زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانی ناتۆ و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، کاردانەوەی لە نێو عێراق و بەتایبەت لە نێو شیعەکان لێبکەوێتەوە، بەو پێیەی پێشتر و لە چەندین بۆنەدا شیعەکان داوای کشانەوەی تەواوەتی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانیان کردوە.



هەفتە پێشتر - Feb 19 2021 10:59PM
Print Friendly and PDF
زیاتر