راپۆرت

ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە


ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری وڵاتانی ئەوروپا، لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی کۆدەبنەوە و رووسیا پێشوازی لەو ھەنگاوە دەکات و ئیسرائیلیش ھۆشداری دەدات لەگەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی.

دوای ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندی لەسەر داوایەکی وڵاتانی ئەوروپا، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران پیشانداوە، ئەو پێشھاتە بە سەرەتای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن و کرانەوەی دەرگایەک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە دادەنرێت، ھاوکات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە. 

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، قەرەبووکردنەوەی ھەڵەکانی دۆناڵد ترامپ و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە واتای سازشی ئەمریکا بەرامبەر ئێران نایەت، داواشی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد، پشتیوانی لە سەرخستنی ئەو ھەوڵە بکەن، بۆ کۆتاییھێنان بە گرژییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا.

ھاوکات وڵاتانی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، کە لە پشت ھەوڵی رێکخستنی کۆبوونەوەی ئێران و ئەمریکاوەن، پشتیوانی پرۆسەکە دەکەن، لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای پابەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی دەکات و ھایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش رایگەیاند، ھەنگاوەکانی ئەمدواییەی ئێران بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، رێگە دیبلۆماتییەکان بۆ رێککەوتننامەکە قورستتر دەکات و دانوستانەکانیش ئاڵۆز دەکات.

لەلایەکی ترەوە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ھۆشداری لە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیدا و رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەکە دەرفەت بۆ ئێران دەکاتەوە، تاکو ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا" کرملین"، پێشوازی لە ئەگەری کۆبوونەوەی واشنتۆن و تاران، لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێران کرد، لەوبارەوە دیمیتری پیسخۆڤ وتەبێژی کرملین رایگەیاند، پشتیوانی لە دروستکردنی دەرفەتی لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەکەن.



هەفتە پێشتر - Feb 19 2021 9:49PM
Print Friendly and PDF
زیاتر