کوردستان

کۆسرەت رەسول پیرۆزبایی لە کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەکات


کۆسرەت رەسوڵ  عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی ئەنجامدانی چوارەمین کۆنگرەیانەوە پەیامێک ئاڕاستەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ھیوادارم کۆتایی ھاتنی کارەکانی چوارەمین کۆنگرەتان ھەوێنی سەرکەوتنی زیاتر بێ، وەک چۆن لە ڕابردوودا ھێزێکی کاریگەری خاوەن ڕوئیاو دنیابینی خۆتان بوونە لەکوردستان، بۆ ئایندەش بەئومێدین پەرە بەھەمان ڕێچکەو ئامانج بدەن.

دەقی پەیامەکە...

‎بەناوی خوای گەورەو میھرەبان
‎بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر- سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان 
‎بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری کوردستان

‎بەبۆنەی ئەنجامدانی چوارەمین کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و ھەڵبژاردنەوەی بەڕێزتان وەک سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان  و ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان ئاراستە دەکەم، ئاواتەخوازم لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامدا بن، مایەی خۆشحاڵیمە کە جارێکی تر ئەندامانی کۆنگرەکەتان ئەو متمانەیەیان بە جەنابت بەخشیەوە.

‎ئەنجامدانی کۆنگرە لەژیانی حزبایەتیدا ھەنگاوێکی گرنگی دیموکراسیە بەئاراستەی دیاریکردنی بەرنامەو ستراتیژی سەردەمیانە بۆ حزب و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم، ھیوادارم کۆتایی ھاتنی کارەکانی چوارەمین کۆنگرەتان ھەوێنی سەرکەوتنی زیاتر بێ، وەک چۆن لە ڕابردوودا ھێزێکی کاریگەری خاوەن ڕوئیاو دنیابینی خۆتان بوونە لەکوردستان، بۆ ئایندەش بەئومێدین پەرە بەھەمان ڕێچکەو ئامانج بدەن.

‎ئێمە لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وێڕای دووبارە پیرۆزباییمان لە جەنابتان و ئەندام و لایەنگرانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، دووپاتی بەھێزکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوانمان دەکەینەوە، دۆخی ئەمڕۆی کوردستان دەخوازێ سەرجەم ھێزو لایەنە سیاسییەکان ھەماھەنگ و ھاوکار بن لە تێپەڕاندنی دۆخەکە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاووڵاتیان.

‎کۆسرەت ڕەسول عەلی
‎سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی 
‎یەکێتی نیشتمانی کوردستان



هەفتە پێشتر - Feb 19 2021 7:27PM
Print Friendly and PDF
زیاتر