راپۆرت

یۆنسکۆ لەبارەی کەرتی پەروەردە و خوێندنەوە ھۆشداری دەدات


یۆنسکۆ ھۆشداری دەدات لە گەورەترین پشێوی لە کەرتی پەروەردە و خوێندندا لە جیھاندا.

ئۆدری ئۆزلای بەڕێوەبەری رێکخراوی پەروەردە و خوێندنی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان (یۆنسکۆ) دەڵێت پەتای کۆرۆنا گەورەترین پشێویی خوێندنی لە مێژودا دروستکردوە.

ئۆدری ئۆزلای ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو شەپۆلی داخستن و قەدەغەی ھاتووچۆیەی زۆربەی وڵاتانی جیھانی گرتووەتەوە، ھۆکاری داخستنی خوێندنگە و زانکۆکان بووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خوێندکاران دروستکردوە، و ھۆشداریی داوە لەوەی داخستنی خوێندنگە و زانکۆکان بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ و دووبارەبوونەوەی داخستنیان،  زیانەکانی کەرتی خوێندن کەڵەکە دەکات و کاریگەریی خراپیشی لەسەر تەندروستیی مێشکی خوێندکاران دەبێت.

ئەو کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە لەسەر کردنەوەوی دەرگای خوێندنگە و زانکۆکان لە نزیکترین دەرفەرتدا، بە رەچاوکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان، وتوشیەتی یۆنسکۆ لە ھەوڵی بێوچاندایە بۆ بەردەوامبونی پرۆسەی خوێندن، بە سودوەرگرتن لە خوێندنی ئەلەکترۆنی، ئەگەرچی ئەو شێوازە قەرەبوی خوێندن لەناو خوێندنگە و زانکۆکان ناکاتەوە.

بەڕێوەبەری رێکخراوی پەروەردە و خوێندنی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو دەمەی پەتای کۆرۆنا لە بەھاری ساڵی رابردودا گەیشتە ترۆپک، نزیکەی یەک ملیار و ٦ سەد ملیۆن خوێندکار لە زیاتر لە ١٩٠ وڵاتی جیھان لە خوێندن بێبەری بون، کە لەسەدا نەوەدی کۆی خوێندکارانی جیھان پێکدێنێت.

ئێستاش دوا ساڵێک لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە ھێشتا زیاتر لە ٨ سەد ملیۆن خوێندکار لە جیھاندا وەک پێویست درێژە بە پڕۆسەی خوێندن نادەن،  و خوێندکاران لەنێوان کەمکردنەوەی سەعاتەکانی خوێندن و داخستنی تەواوی ناوەندەکانی خوێندندا دوچاری پشێوی بوون.

ئەو کاربەدەستەی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشبینیشی کردوە، قەیرانەکە ھەڵاوسانێکی گەورە لەو بودجەیەدا دروست بکات، کە ساڵانە لە وڵاتانی ھەژاردا بۆ خوێندن تەرخان دەکرێت بەبڕی دوو سەد ملیار دۆلار.



هەفتە پێشتر - Feb 19 2021 4:51PM
Print Friendly and PDF
زیاتر