میسر: پابەندین بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل

2024-02-13   |  
فۆتۆ: 
هەژار
حکومەتی میسر پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە.

سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، ماوەی ٤٠ ساڵە وڵاتەکەی و ئیسرائیل رێککەوتنی ئاشتییان ئیمزاکردووە و تائێستاش ھەردوولا پابەندن بەو رێککەوتنە و ھیچ لایەکیان پێشێلیان نەکردووە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو رێککەوتنە نییە، چونکە نەک تەنھا بۆ قاھیر و تەلئەبیب، بەڵکو ئەو رێککەوتنە کاریگەری باشی لەسەر ناوچەکە ھەیە.

وتیشی، لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تائێستاش بەردەوام میسر لە ھەوڵدا بووە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکان، لەئێستادا لەگەڵ ئەمریکا و قەتەر کار بۆ ئەوە دەکەن ئیسرائیل و حەماس بگەنە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە لەپێناو رزگارکردنی سەرجەم بارمتە دەستبەسەرکراوەکان و گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی زیاتر بۆ ھەموو زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی غەززە و ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە.