راوێژکارێکی سودانی: ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ھێرشەکەی سەر ھەولێر بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەین

2024-02-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
راوێژکاری سیاسی سودانی رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانیان لە ھێرشەکەی سەر ھەولێر و ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێن.

فادی شەمەری، راوێژکاری سیاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ھێرشە موشەکییەکەی سەر ھەولێر دەکەن کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکایەتی دەکات و نایانەوێت پێش ئەنجامەکان بکەون و دوای تەواوبوونی ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرادەکرێن. 

دەشڵێت، سودانی متمانەی بەخۆی ھەیە و بوێرە و بەسەر راستیەکاندا تێناپەڕێت و بەرپرسیارێتی دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و سەلامەت لە ئەستۆدەگرێت. 

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا ئێران بە بیانووی بوونی بارەگای مۆساد بە موشەک ھێرشی کردەسەر ھەولێر و بەو ھۆیەوە دوو ھاوڵاتی و منداڵێک گیانیانلەدەستدا و دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند، رێکاری پێویست دژی ئەو ھێرشە دەگرنەبەر و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵایان لەسەر ئێران تۆمار کرد.