خامنەیی ھۆشداری لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا دەدات

2024-02-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی کردووە، خۆیان بەدووربگرن لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا.

بەپێی رۆژنامەکە، ھەفتەی رابردوو، بە سەرپەرشتی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەی ئێران بەڕێوەچووە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خامنەیی لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، خۆیان لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی ئەمریکا بەدووربگرن، بەڵام ئامادەکاریی بکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرشێک کە بکرێتە سەریان.

بەپێی نیویۆڕک تایمز، ئێران نایەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە، بەڵام ئامادەکارییەکانی دەستپێکردووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ھێرشانەی ئەمریکا بەڵێنیداوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بیکاتە سەر ئێران.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئێران سەرجەم گروپە چەکدارەکان و سیستەمی بەرگری وڵاتەکەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و سەکۆی ھەڵدانی مووشەکی بالیستیشی بە درێژایی سنووری عێراق جێگیرکردووە.