تەکنەلۆژیا

جۆو بایدن ڕێکارە یاساییەکانی لە دژی (تیک تۆک) و (ویچات) ڕاگرت


لە هەواڵێکی ئاژانسی "BBC"دا هاتووە، کە "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی ڕێکارە یاساییەکانی لە دژی هەردوو پڕۆگرامی "Tik Tok" و "WeChat" ڕاگرت کە مەترسی قەدەغەکردن و لە کارخستنیان لەسەر بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا.

بە پێی هەواڵەکە، ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی کردووە دژی ئەو دوو پڕۆگرامە، تا دووبارە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کەیسەکە بکرێت کە تا چەند پڕۆگرامەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا، لە کاتێکدا "دۆناڵد تڕەمپ"ی سەرۆکی پێشووتری ئەو وڵاتە بە بیانووی بوونی پەیوەندی لەگەڵ سوپای چین و مەترسی لەسەر ئابوری و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ڕاگرتنی هەردوو پڕۆگرامەکە لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لە بەرامبەریشدا کۆمپانیاکانی "Tencent" و "ByteDance" کە خاوەنداری هەردوو پڕۆگرامی "WeChat" و "Tik Tok" دەکەن ڕێکاری یاساییان دژی هەنگاوەکانی تڕەمپ گرتەبەر و لە دادگاکانی ئەمریکا تانەیان لە بڕیارەکانی ئیدارەکەیدا و تەنانەت کۆمپانیای "ByteDance" دەستی بە گفتوگۆ کرد لەگەڵ هەردوو گەورە کۆمپانیای "Oracle" و "Walmart" تا بگەن بە ڕێککەوتنێکی خاوەنداری کە "Tik Tok" لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت، بەڵام بە هاتنە سەر کاری ئیدارە نوێیەکەی بایدن ڕەنگە ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام نەدرێت.

جێی ئاماژەیە، پڕۆگرامی نامەناردنی "WeChat" زیاتر لە ملیارێک بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا کە تەنها ڕێژەی ٢٪ی بەکارهێنەرانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانن، هەروەها پڕۆگرامی بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆی "Tik Tok" نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە جیهاندا کە تەنها ١٠٠ ملیۆنی دانیشتووی ئەمریکان.



2 مانگ پێشتر - Feb 12 2021 8:19PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12