ئابوری

دوای ساڵێک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی بەسڕە گەیشتە ٦٢ دۆلار


بۆ یەکەمجار دوای ساڵێک، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی بەسڕە بۆ ٦٢ دۆلار بەرزبووەوە و وەزیری نەوتی عێراقیش پێشبینی دەکات لە ٢٠٢١دا نرخی نەوت لە نێوان ٥٨ بۆ ٦٣ دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک بمێنێتەوە.

ڕۆژنامەی سەباحی ڕەسمی بڵاویکردەوە، لە بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخەکەیدا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی بەسڕە گەیشتووەتە ٦٢ دۆلار، کە بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵێک بگاتە ئەو ئاستە.

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراقیش ڕایگەیاندووە، پێشبینی دەکەن لە ساڵی ٢٠٢١دا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان ٥٨ بۆ ٦٣ دۆلاردا بێت و کۆی گشتی بەرھەمھێنانی نەوتیش لە عێراق لەم مانگەدا ڕۆژانە ٦ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل بێت، بەو مەرجەی ھەرێمی کوردستان پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان، ھەناردەی نەوتیش لەم مانگەدا ڕۆژانە ٩ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار بەرمیل دەبێت.

پێشتریش وەزیری نەوت ئاشکرایکردبوو، بە نیازە سەردانی ڕووسیا بکات بەو ئامانجەی چەند گرێبەستێکی نوێ بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتی عێراق لەگەڵ ھەردوو کۆمپانیای لۆک ئۆیڵ و باشنەفت، ئیمزا بکات.



2 مانگ پێشتر - Feb 11 2021 2:41PM
Print Friendly and PDF
زیاتر