تەکنەلۆژیا

بیتکۆین کارەبا لە تەواوی وڵاتی ئەرجەنتین زیاتر بەکاردەهێنێت


بە پێی ڕاپۆرتێکی شیکاری زانکۆی کامبریدج، ساڵانە ڕێژەی ئەو کارەبایەی کە لە مامەڵەکردن بە دروای ئەلیکترۆنی بیتکۆینەوە بەکاردێت زیاترە لە ڕێژەی ئەو کارەبایەی تەواوی وڵاتی ئەرجەنتین پێویستیەتی لە ساڵێکدا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، گوستنەوە و مامەڵەکردنی ئەلیکترۆنی دراوی بیتکۆین پڕۆسەیەکی وزە بەکاربەری بێشومارە و دڵنیابوونەوە لە دروستی هەژمارەکان چەندین هاوکێشەی ژمێریاری و کۆمپیوتەری ئاڵۆز لەخۆدەگرێت و وزەیەکی کارەبایی گەورەی پێویستە کە توێژەرانی زانکۆی کامبریدج ساڵانە بە بڕی ١٢١.٣٦ تێراوات بۆ هەر سەعاتێک دەیخەمڵێنن.

جێی ئاماژەیە، سەرەتایی ئەم هەفتەیە بیتکیۆن ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکرد و نرخی یەک دراو گەیشتە نزیکەی ٤٨ هەزار دۆلاری ئەمریکی و ڕەخنەگرانی بوارەکەش پێیان وایە ڕێژەی بەکاربردنی وزەی کارەبا لە مامەڵەکردن بە دراوەکە کەم نابێتەوە تا نرخی بیتکۆینێك لەو ئاستە بەرزەدا بێت بە تایبەتیش دوای ئەوەی کۆمپانیای ئەلیکترۆنی "تێسلا" بڕیاریدا بە بڕی ١.٥ ملیار دۆلار بیتکۆین بکڕێت و لە داهاتوودا بە شێوەی بەش (قیست) وەریبگرێت.

لەو بارەیەشەوە، "میشێل ڕاوخ"ی توێژەر لە ناوەندی دارایی جێگرەوە لە زانکۆی کامبریدج ڕایگەیاندووە، بڕیاری کڕینی ئەو بڕە زۆرەی بیتکۆین لە لایەن کۆمپانیای تێسلاوە بازاڕگەریەکی گەورەی بۆ دراوە ئەلیکترۆنیەکە دروستکردووە کە ئەمەش نرخی بیتکۆین لە ئاستێکی بەرزدا دەهێڵێتەوە و وا لە بەکارهێنەرانی دراوەکە دەکات زیاتر مامەڵەی پێوە بکەن، کە ئەمەش پێویستی بە ئامێری زیاتر و وزەی کارەبای زۆرترە، بۆیە تا بە ڕێژەیەکی بەرچاو نرخی بیتکۆین دانەبەزێت ئەوا ڕێژەی بەکارهێنانی وزەی کارەباش لە مامەڵەکردن بە دراوە ئەلیکترۆنییەکە کەم ناکات.



2 مانگ پێشتر - Feb 11 2021 12:56PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12