یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ژمارەیەک کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند

2023-12-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لەبەرامبەر ھاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ ڕوسیا، سزای بەسەر ١١ کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێراندا سەپاند.

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی ھاوکارییەکانی ئێران بۆ روسیا لە دروستکردنی درۆن و دواتر بەکارھێنانی لە شەڕی ئۆکرایندا، ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریداوە بە سەپاندنی سزا بەسەر شەش کەسایەتی و پێنج کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێران.

ئەوەشی خستەڕوو، سزاکان پێکھاتوون لە بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ وڵاتانی ناو یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ قەدەغەکردنی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانەی لە لیستی سزاکەدان.

ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا راشیگەیاندووە، ئەمە پێنجەمین جارە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر کەسایەتی و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی ئێراندا دەسەپێنێت، لە بەرامبەر ھاوکارییەکانی ئێران بۆ ڕوسیا.