ھەرێم و بەغداد کۆنوسێکی لێکتێگەیشتنیان لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان ئیمزاکرد

2023-12-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزیرانی ناوخۆ و دارایی عێراق لە بەغداد کۆبوونەوە و کۆنوسێکی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکانی ھەرێم ئیمزاکرد.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە کۆبوونەوەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەرەڕای ئیمزاکردنی کۆنووسەکە، لە کۆبونەوەکەدا وەفدی ھەرێم داوای کردووە یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠١٦ی دەروازە سنورییەکان ھەمواربکرێتەوە، بە جۆرێک حکومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، لە رووی یاسایی و ئیداریی و دەستورییەوە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم  بەڕێوەببات.

سەرچاوەکە راشگەیاند، وەفدەکەی ھەرێم داواشی لە حکومەتی عێراق کرد کە بەشێک لەو دەروازە سنورییانەی تا ئێستا لە لایەن عێراقەوە دانی پێدا نەنراوە، بەرەسمی بناسرێن، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا لیژنەیەکی باڵا پێکبھێنێت بۆ بە رەسمی ناساندنی دەروازە نا رەسمییەکان.