سەعدی ئەحمەد پیرە لە ھەولێر پێشوازی لە وەفدێکی یونامی کرد

2023-12-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ١١/١٢/٢٠٢٣ ، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری ھەولێر لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە وەفدێکی کە یونامی پێکھاتبوون لە لۆرانس لیو راوێژکاری سیاسی پێشکەتوو لە نوسینگەی یونامی لە بەغداد، عەزیز بەرزنجی راوێژکارانی سیاسی لە نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا دوا پیشھات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان تاوتوێکرد، بەتایبەتیش گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆی بارودۆخی سیاسی و و ئەمنی لە ھەرێمی کوردستان.

تەورێکی تری دیدارەکەدا گفتوگۆ بوو دەربارەی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەعدی ئەحمەد پیرە جەختیکردەوە کە یەکێتی خوازیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد و ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیش بەشێوەیەکی ھێمنانە و مەدەنی دوور لە ھیچ توندوتیژی و بەریەک کەوتنێک بەڕێوەبچێت.

وتیشی، لە ئایندەدا کاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگاکان رۆڵی گرنگ دەبینن و نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکانی پارێزگاکان دەکەن بەبێ گوێدانە ھەویەی قەومی بە کورد، عەرەب، تورکمان و نەتەوە و ئاینەکانی تریشەوە.

لەو دیدارەدا کێشەکانی بودجە و دارایی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغداد و ئاراستەی گفتوگۆکانی نێوان وەفدی ھەردوولا تەوەرێکی تر بوو، یونامی خوازیاری چارەسەری کێشەکان بوو بە ئامانجی چارەسەری قەیرانی مووچە و کۆتاییھێنان بە چاوەڕوانی مووچەخۆران، وەفدەکەی یونامی تەئکیدیکردەوە کە بە ووردی چاودێری ھەموو بارودۆخەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکەن لە پێناو لەیەکتر گەیشتنی لایەنەکان و چارەسەری گونجاو بۆ کێشە ھەڵواسراوەکان بەتایبەتی سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە .