خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بە نێرگز محەمەدی ژنە چالاکوانی زیندانیکراوی ئێرانی بەخشرا

2023-12-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نێرگز محەمەدی ژنەچالاکوانی زیندانیکراوی ئێرانی، لە ئۆسلۆ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت، بەڵام بەھۆی ریگرییەکانی ئێرانەوە بەشداری رێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتەکەی نەکرد و لە زیندان مانی لە خواردن گرت.

خەڵاتەکە لەلایەن عەلی کوڕی نێرگز محەمەدی و کیانای خوشکی وەرگیرا، ھاوکات نێرگز محەمەدی لە زیندانەوە نامەیەکی نوسیبوو و عەلی کوڕی خوێندییەوە و تیایدا دەڵێت، وەک ئێرانییەک شانازی دەکات کە بەشێکە لە شارستانیەتی دەوڵەمەندی ئێرانی، بەڵام  ئەمڕۆ بووەتە قوربانی چەوساندنەوەی "دەسەڵاتێکی ئایینی ستەمکار و دژی ژن."

ھاوکات نێرگز محەمەدی ھاوکات لەگەڵ رۆژی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ، وەک ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر پێشێلکارییە گەورە و بەربڵاوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، مانی لە خواردن گرتووە.

نێرگز محەمەدی چالاکوانێکی دیاری ئێرانە و تەمەنی ٥١ ساڵە و چەند ساڵێکە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەتی ئێران دەستگیرکراوە، ئەمساڵیش وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دیاریکرا.