تەکنەلۆژیا

کۆمپانیاکان هاوبەشیکردنی ئەپڵ لە دروستکردنی ئوتومبێلی (ئای کار) ڕەتدەکەنەوە


لە هەواڵێکی ئاژانسی (CNN)دا هاتووە، کە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی ئوتومبێلی (Kia) و (Hyundai) کۆری گفتوگۆکانیان ڕاگرتووە لەگەڵ گەورە کۆمپانیای تەکنۆلۆژی (ئەپڵ) سەبارەت ڕێککەوتنی پڕۆژەی (icar) و ڕایانگەیاندووە کە چیتر درێژە بە گفتوگۆکان نادەن لەگەڵ کۆمپانیای ناوبراو دەربارەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئوتومبێلی کارەبایی خودکار.

 

بە پێی هەواڵەکە، ئەم ڕەتکردنەوەیەی هەردوو کۆمپانیای (Kia) و (Hyundai) دوای بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێکی میدیای دێت کە ئاماژەیان بەوە دەکرد هەریەک لە کۆمپانیاکانی ناوبراو لە سەروبەندی واژووکردنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەندان بۆ بوون بە هاوبەش لەگەڵ "ئەپڵ" لە بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی (icar) کە ئوتومبێلێکی کارەبایی تەواو خودکارە و بڕیارە لە ویلایەتی جۆرجیای ئەمریکا بەرهەمبهێندرێت.

 

سەبارەت بە ڕەتکردنەوەکەش هەردوو کۆمپانیا هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە ئێستادا ڕوون نییە تا چی ئاستێک "ئەپڵ" هەنگاو دەنێت لە دانانی پلان و جێبەجێکردنی پلانەکان دەربارەی پڕۆژەی "تایتن" کە تایبەت بوو بە بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی (icar)، و بەهۆی دەنگۆی بوونی ڕێککەوتنیش لەگەڵ "ئەپڵ" نرخی پشکەکانی هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لە بازاڕی بۆرسەی جیهاندا بە ڕێژەی ٦٪ تا ١٥٪ بە دوای یەکدا دابەزیوە. لە بەرامبەریشدا کۆمپانیای "ئەپڵ" هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە.

 

جێی ئاماژەیە، بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی "تایتن" لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام جێگەی مشتومڕ بووە لە میدیاکانی جیهاندا بەهۆی ئەوەی بە گشتی نهێنی و نا ڕوون بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەی سرووشی چەندین داهێنانی تر بووە لە بواری بەرهەمهێنانی ئوتومبێلی کارەبایی و خودکاردا.

2 مانگ پێشتر - Feb 10 2021 6:40PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12