سەرۆکی یەکێتیی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد کۆبووەوە

2023-12-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغداد کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات و ھەوڵەکانی حکومەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیریی لە ناوچەکە.

لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە ھەوڵەکانی وەفدی ھەرێم کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نیشتمانی لەگەڵ بەغدا و روونیکردەوە، گەڕانەوە بۆ دەستوور و ھاوبەشیی راستەقینە، فاکتەری سەرەکیی چارەسەرکردنی کێشەکانە. وتیشی، ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێت کاری لەپێشینەی حکومەت بێت و ھەموولایەکیش ھاوکار و ھەماھەنگبن لەو پێناوەدا.

لەبارەی پێشھاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانییەوە، سەرۆک بافڵ سیاسەتی یەکێتیی خستەڕوو و رایگەیاند، ناوچەکە بە قۆناغێکی ھەستیاردا تێدەپەڕێت، ئەرکی ھەموولایەکە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و وڵات لە ھەموو ئەگەرێکی نەخوازراو بپارێزن.