ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتە ١٣ ھەزار و ٣٠٠ کەس و ٣١ ھەزاریش برینداربوون

2023-11-20   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە گەیشتە ١٣ ھەزار و ٣٠٠ کەس و زیاتر لە ٣١ ھەزار کەسیش برینداربوون، کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.

نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە ١٣ ھەزار و ٣٠٠ کەس کوژراون کە پێنج ھەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵن و ٣ ھەزار و ٥٥٠ کەسیان لە ژنان پێکھاتوون.

دەشڵێت، ژمارەی برینداران گەیشتووەتە زیاتر لە ٣١ ھەزار کەس کە لەسەدا ٧٥ یان ژن و منداڵن و ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.

بەپێی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی حکومی لە کەرتی غەززە، ٢٢٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون و ٢٢٦ خوێندنگە و ٨٣ مزگەوت و سێ کەنیسە و ٩٨ بارەگای حکومی بەھۆی بۆردومان و ھێرشی ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە.