تەکنەلۆژیا

مادەیەکی نوێ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشای ئاسمان تاقیدەکرێتەوە


لە هەواڵێکی ئاژانسی "RT"دا هاتووە کە دامەزراوەی "ڕۆسکۆزمۆس"ی تایبەت بە توێژینەوەکانی بۆشای ئاسمان، پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەک لەسەر پێکهاتەیەکی نوێ لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشای ئاسمان بە مەبەستی پاراستنی کەشتیوانەکانی بۆشایی ئاسمان لە تیشکدانەوە.

لەو بارەیەوە، "ئەنتۆن شکاپلێرۆڤ" کە یەکێکە لە بەرپرسانی تاقیکردنەوەکە ڕایگەیاندووە "هەمووان دەزانن کە ئاستی تیشکدانەوە لە بۆشایی ئاسماندا بەرزە بۆیە پێویستە ڕێوشوێنەکانی پارێزگاری لە تیشکە زیانبەخشەکان باشتر بکرێن و ئەم پێکهاتە نوێیەش بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەکانی لەسەر ژێردەریاییەکانی هەڵگری کڵاوەی ئەتۆمی تێپەڕاندووە".

"شکاپلێرۆڤ" ڕاشیگەیاندووە، کە ئەگەر تاقیکردنەوەی پێکهاتە نوێیەکە لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشای ئاسمان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، ئەوا پێکهاتەکە لە ڕووپۆشکردنی کەشتیە ئاسمانییەکان و جلوبەرگی تایبەتی کەشتیوانەکاندا بەکاردەهێندرێت.

جێی ئاماژەیە، پێکهاتە نوێیەکە لە لایەن زاناکانی زانکۆی بێلگۆرۆدی تەکنۆلۆژیەوە و بە هاوکاری ناوەندی ڕاهێنانی کەشتیوانە ئاسمانییەکان بەرهەمهێنراوە و ئاوێتەیەکی چەند چینی تێکەڵە لە مادەکانی کاربۆن و پۆڵیمەر.

بە وتەی "ئەندریا کۆرێتسین" سەرۆکی بەشی زانستیی ناوەندی ڕاهێنانی کەشتیوانە ئاسمانییەکانیش، پێکهاتە نوێیەکە چەندین تایبەتمەندی هەیە و بەراورد بەو مادە پارێزەرەی کە ئێستا لە جیهاندا بەکاردەهێنرێت باشترە، لەبەرئەوە ڕەنگە خودی "شکاپلێرۆڤ" خۆی پێکهاتە نوێیەکە تاقیبکاتەوە، کە لە ئێستادا وەک کاپتنی تیمی یەدەگی کەشتی ئاسمانی "Soyuz MS-18" ڕاهێنانی پێدەکرێت کە بڕیارە لە ٩ی مانگی نیسانی داهاتوو ڕەوانەی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشای ئاسمان بکرێت.



2 مانگ پێشتر - Feb 9 2021 12:51PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12