لەم مانگەدا کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب لە بەغداد بەڕێوەدەچێت و عێراقیش وەفدێک رەوانەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات.
بە پێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی داد، خالید شوانی وەزیری دادی عێراق وەفدێکی بەسەرۆکایەتی زیاد تەمیمی بریکاری وەزارەتی داد و سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب رەوانەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کردووە بە مەبەستی تەواوکردن و ھەماھەنگی تایبەت بە رێکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گەیشتنی بۆ قاھیرە، وەفدەکەی وەزارەتی دادی عێراق لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غێت ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کۆبووەتەوە و ئامادەکارییەکانییان بۆ خولی ٣٩ھەمینی کۆنگرەی ئەنجومەنی وەزیرانی دادی عەرەب تاوتوێکردووە کە رۆژانی ١٥ و ١٦ی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.