حکومەتی عێراق، قەرەبووی بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە دەکاتەوە و بەشێک لە بریندارەکانیش بۆ چارەسەر رەوانەی تورکیا دەکات.
ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە میانی سەردانی بۆ قەزای حەمدانیە، بریندارەکانی رووداوەکەی شەوی سێشەممە بەسەرکردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بریندارانی رووداوەکەی حەمدانیە بە پێنج یان ١٠ ملیۆن دینار قەرەبوو دەکرێنەوە.
وتیشی، بەشی یەکەمی بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان، بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی تورکیا دەکرێن.
شەوی سێشەممە لە ئاھەنگێکی بوکگواستنەوەدا لە یەکێک لە ھۆڵەکانی قەزای حەمدانیە، بەھۆی ھەڵدانی یاریی ئاگرینەوە، ئاگر لە ھۆڵەکە کەوتەوە و بەھۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستدا.