تائێستا زیاتر لە ٦٥ ھەزار کەس لە قەرەباخەوە ئاوارەی ئەرمینیا بوون

2023-09-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئاوارەبوونی ھاووڵاتیانی ھەرێمی قەرەباخ بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە ٦٥ ھەزار کەس ئاوارەی ئەرمینیا بوون، سەرۆکی جوداخوازەکانی قەرەباخیش راگەیاند، تا کۆتایی ئەمساڵ ھیچ دامەزراوەکیان لەو ھەرێمە نامێنێت.

لە چوارچێوەی ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازیەی ھەفتەی رابردوو،  سوپای ئازربایجان لە دژی جوداخوازەکانی ھەرێمی قەرەباخ دەستیپێکرد، سەرەڕای وەستاندنی ئەو ئۆپراسیۆنەش، بەڵام ھاووڵاتیانی ئەرمەنی ھەر لە رەوشەکە دوودڵن و بە ناچاری روودەکەنە وڵاتی ئەرمینیا.

وتەبێژی حکومەتی ئەرمینیاش رایگەیاند، تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، ٦٥ ھەزار و ٣٦ ئاوارە ھاتوونەتە خاکەکەیانەوە، وتیشی پێشبینشدەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترببێت، بەو پێیەی پێش ناکۆکییەکان زیاتر لە ١٢٠ ھەزار ئەرمەنی لە ھەرێمی قەرەباخ دەژیان.

سەرۆکی جوداخوازەکانی ئەرمینیا لە ھەرێمی قەرەباخ رایگەیاند، تا دێت رەوشی قەرەباخ بەرەو خراپی دەڕوات و لەپێناو پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان رێککەوتنیان ئیمزاکردووە کە بەپێی ئەو رێککەوتنە تا رۆژی یەکی کانوونی دووەمی ساڵی داھاتوو ھیچ دامەزرا و ھێزێکیان لە قەرەباخ نامێنن و بە تەواوەتی ھەمووی دادەخەن.