بەپێی راپۆرتێکی نێودەوڵەتی، ھێشتا ئەگەری دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئاڵۆزە کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە راگیراوە.
پێگەی ئاگوس میدیا تایبەت بە کاروباری وزە لە راپۆرتێکدا لە زاری لێپرسراوێکی عێراقییەوە کە ناوەکەی ئاشکرانەکردەوە بڵاویکردەوە، ھێشتا ئەگەری دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا ئاڵۆزە، چونکە چارەسەری بابەتی قەرەبووی دارایی لەنێوان تورکیا و عێراق لەئارادا نییە.
ئەو لێپرسراوە عێراقییە ئاماژەی بەوەشداوە، بابەتەکە لۆجستی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پابەندە داراییەکانەوە ھەیە و تورکیا ناتوانێت قەرەبوو بداتەوە بە عێراق بەپێی ئەو بڕیارەی دەرکرابوو، بۆیە بابەتەکە ئاڵۆزە.
زیاتر لە شەش مانگ بەسەر راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان تێپەڕیووە، کە لە رۆژی ٢٥ی ئاداری ئەمساڵ دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لە پاریس، سکاڵایەکی لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق دژی تورکیا یەکلاکردەوە و بەھۆیەوە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا راگیرا، زیانی ئەو راگرتنەش بە ٦ ملیار دۆلار بۆ عێراق و ھەرێم مەزەندە دەکرێت.