رەئیسی: ھیچ کات تاران ئامانجی نییە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

2023-09-25   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، مۆڵەتی کارکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیان ھەڵنەوەشاندووەتەوە، تەنھا بە چەند ھۆکارێکی تایبەتی موڵەتی چەند پشکنەرێکیان رەتکردووەتەوە.

ئیبراھیم رەئیسی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، سێ وڵاتی ئەوروپی پابەند نەبوون بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، ئەوەش بووەتە ھۆی گومانن بۆ ئەوان، وتیشی، ھۆکاری ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەی پشکنەرانی وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیایان تەنھا لەبەر ئەو ھۆکارە بووە، نەک رێگریکردن لە کاری پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی تاران مۆڵەتی ھەشت پشکنەری ئاژانسی وەزی ئەتۆمی ھەڵوەشاندوە کە فەڕەنسی و ئەڵمانی و بەریتانی بوون.

رەئیسی لە چاوپێکەوتنەکەدا، ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە کەئاراستەی وڵاتەکەی کرابوون بە ھەوڵدان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند، تاران ھیچ کات پێویستی بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە بەتایبەتی بۆ بەمەبەستی سەربازیی، ئەو تۆمەتانەش تەنھا پڕۆپاگەندەی وڵاتانی خۆرئاوان بۆ وڵاتەکەیان.