ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە

2023-09-21   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ھەڕەشەی بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن، ئەگەر پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە، بەڵام تاکو ئێستا بابەت و تەوەری کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکراوە، لەکاتێکدا دەبوو پێش ٤٨ سەعات کارنامەی کۆبوونەوەکەیان بەدەستبگات.

وتیشی، ئەگەر ئەمڕۆ پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، نەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن و ھەموویان یەکدەنگن لەسەر ئەو بابەتە. 

لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێجار کۆبوونەوەکانی لەبارەی دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دواخست، ئەوەش نیگەرانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لێکەوتەوە و داوا دەکەن ئەو بابەتە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکە و دەنگی لەسەر بدرێت.