ئەردۆغان: پشتیووانی لە یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەین

2023-09-20   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
"رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆککۆماری تورکیا جەختدەکاتەوە لە یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی عێراق.

ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ٧٨ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، جیاوازی لەنێو پێکھاتەکانی عێراق ناکەن و پشتگیری لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە دەکەن، ئەوەش لەڕێی جێبەجێکردنی رێگەی گەشەپێدان، کە بە کەنداوی بەسڕەدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە تورکیا و ئەوروپا. 

"ئەردۆغان" باسی لە قەیرانی ئۆکراینیش کرد و وتی، تورکیا ھەوڵی جدی داوە بۆ کۆکردنەوەی کیێڤ و مۆسکۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ، چونکە لە جەنگدا سەرکەوتوو نییە و لە ئاشتیشدا دۆڕاو نییە. 

سەبارەت بە سوریاش وتی، ژیان و گوزەران لە سوریا دوای ١٣ ساڵ لە جەنگی ناوخۆیی خراپتربووە، بۆیە پێویستە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر لە ئاست چاوەڕوانی گەلی سوریا بدۆزرێتەوە.