بۆ یەکەمین جار تانکی ئەرماتای ڕووسی لە ئیماڕات نمایش دەکرێت
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "RT"، تانکی جۆری (تی-١٤)ی ڕووسی ناسراو بە "ئەرماتا" ڕێگەپێدانی حکومەتی مۆسکۆی وەرگرتووە بۆ بەشداریکردن لە پێشانگایەکی سەربازی لە دەرەوەی خاکی ڕووسیا.
لەو بارەیەوە وتەبێژی دامەزراوەی "ڕۆسۆبۆرۆن ئێکسپۆرت"ی ڕووسی کە تایبەتمەندە بە هەناردەی چەک و تەقەمەنی ڕایگەیاندووە، کە تانکی جۆری (تی-١٤) تا ئێستا نەچووەتە دەرەوەی خاکی ڕووسیا و بۆ یەکەمین جارە لە پێشانگای (IDEX-2021)ی ئامێرە سەربازییەکان لە وڵاتێکی بیانی و لە میرنشینی ئەبو زەبی نمایش دەکرێت کە بڕیارە پێشانگاکە لە ٢١ تا ٢٥ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.
جێی ئاماژەیە، "ئەرماتا" تانکێکی ئاستبەرزی سەربازیی ڕووسیە کە قولـلەیەکی زرێپۆشی خودکاری هەیە و تایبەتە بە ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکانی ناو شار لە کاتی جەنگدا، بەهۆی ئەوەی دەتوانێت ڕۆڵی ئوتومبێلی چاودێری ببینێت و ئامانج دیاری بکات و بیپێکێت، لە پاڵیشیدا ڕێنمایی بە تانکەکانی جۆری (تی-٩٠) و سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان و تۆپهاوێژەکان بدات لە وەشاندنی گورزەکانیان بە ئاڕاستەی ئامانج.
لە کۆتایشدا، "ئەرماتا" بە سیستمی پارێزگاری چالاک لە جۆری "ئەفغانیت" پڕچەک کراوە و زرێپۆشی داینامیکی جۆری "ماخالیت"ی بۆ زیادکراوە.
|