تەکنەلۆژیا

کۆمپانیای "Xiaomi" سکاڵا لەسەر حکومەتی ئەمریکا تۆمار دەکات


بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی "China Daily" کۆمپانیای بەرهەمهێنی مۆبایلی هۆشمەند "شاومی" سکاڵای یاسایی لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و خەزێنەی ئەمریکا تۆمارکردووە بەهۆی ئەوەی بە بڕیارێک کۆمپانیاکەیان وەک دامەزراوەیەکی سەربازی کۆمۆنیستی چینی ناساندووە.

لەو بارەیەوە، کۆمپانیای "شاومی" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو بۆچوونەی حکومەتی ئەمریکا دوورە لە ڕاستیەوە و ڕێگری لە کۆمپانیای ناوبراو دەکات لە ڕاپەڕاندنی ڕێووشوێنە یاساییە پێویستەکان و لە بەرامبەردا سکاڵای یاساییان لەسەر هەردوو وەزارەتی بەرگری و خەزێنەی ئەمریکا لە دادگای گشتی ویلایەتی کۆڵۆمبیا تۆمارکردووە.

کۆمپانیای "شاومی" ڕاشیگەیاندووە، بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەکارهێنەران و هاوبەشەکان و کارمەندان و هاوکارە جیهانییەکانی کۆمپانیاکە، لە دادگای گشتی ویلایەتی کۆڵۆمبیا تانەیان لە بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا داوە تا بە نایاسایی لە قەڵەم بدرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەنگاوەی کۆمپانیای "شاومی" دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بە پاساوی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سوپای چین، حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیای ناوبراوی لە پاڵ هەشت کۆمپانیای تری چینیدا خستە لیستی ڕەشی سزاکانیەوە.

2 مانگ پێشتر - Feb 2 2021 12:22PM
Print Friendly and PDF
زیاتر
12