سودانی: عێراقی داھاتوو لەسەر جوڵەیەکی گەورەی ئاوەدانییە لە سەرجەم کەرتەکاندا

2023-06-08   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، عێراقی داھاتوو لەسەر جوڵەیەکی گەورەی ئاوەدانییە لەسەرجەم کەرتەکاندا و بودجەش پاڵپشتی کەرتی تایبەت دەکات لە رێگەی سندوقی عێراقی بۆ پەرەپێدان.

سودانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەفدێکی بانکی جی پی مۆرگان گفتوگۆیانکرد لەبارەی پشتیوانیکردنی کەرتی بانکی، بانکی ناوەندی عێراق، کەرتی تایبەت و چۆنیەتی فراوانکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و زیادکردنی داھاتی نانەوتی کە یەکێکە لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی حکومەت کە لەچوارچێوەی پلانێکی چاکسازی ئابوری و ئیداری کاری لەسەر دەکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە رۆڵی بانکی جی پی مۆرگان کرد لە دامەزراندنی بانکی بازرگانی عێراق کە ئێستا یەکێکە لە پەنجەرە بانکییەکانی بازرگانی عێراق لەگەڵ جیھاندا.

 دووپاتیشیکردەوە، عێراقی داھاتوو لەسەر جوڵەیەکی گەورەی ئاوەدانییە لەسەرجەم کەرتەکاندا.

سودانی وتیشی، حکومەت بەردەوامە لە ھەنگاوەکانی چاکسازی لە سیستمی بانکی و راستکردنەوەی جوڵەی پارە و پاڵپشتی بازرگانی جیھانی، رونیشیکردەوە، حکومەت بۆ سێ ساڵ بودجەی ئامادەکردووە کە یەکەمجارە روودەدات و لە رێگەی بودجەوە پاڵپشتی کەرتی تایبەت دەکات لە رێگەی سندوقی عێراق بۆ پەرەپێدان، یاخود لە رێگەی پرۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی.