بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کەنەدا ٥٥ ملیۆن ئەمریکی ھەوای پیس ھەڵدەمژن

2023-06-08   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
بەھۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی خۆرھەڵاتی کەنەدا، پیسبوونی ھەوا لە ویلایەتەکانی ئەمریکا دروست بووە و ٥٥ ملیۆن ئەمریکی ھەوای پیس ھەڵدەمژن.

ماوەی ھەفتەیەکە ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی خۆرھەڵاتی کەنەدا بەردەوامە، بەھۆیەوە نزیکەی ١٣ ویلایەت لە کەناراوەکانی خۆرھەڵات ھۆشدارییان بۆ ملیۆنان دانیشتوو بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان، لە ئێستادا بەھۆی ئاگر و دوکەڵ کە لە کەنەداوە بە ئاڕاستەی ئەمریکا رۆشتووە، ٥٥ ملیۆن ئەمریکی ھەوای پیس ھەڵدەمژن، ویلایەتی "نیویۆرک"یش پشکی شێری لە پیسبوونی ھەوا بەرکەوتووە و حاکمی ویلایەتەکە داوای لە ھاووڵاتیان کردووە بۆ کاری پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە. 

شاری "دیترویت"یش لە ویلایەتی میشیگن لە لیستی ١٠ پیسترین شار لەڕووی کوالێتی ھەواوە ھاتووە. 

پسپۆڕانیش پێشبینی دەکەن، ئێوارەی پێنجشەممە رەوشەکە لە نیویۆرک باشتر ببێت، بەڵام لە خۆرئاوای نیویۆرک و پەنسلڤانیا و ڤێرجینیا خراپ دەبێت. 

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە دارستانەکانی کەنەدا بە خراپترین سەرەتا بۆ وەرزی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان دادەنرێت، کە تا ئێستا زیاتر لە ٦.٧ ملیۆن فەدان زەوی لەناوچووە و نزیکەی ١٤ ھەزار کەسیش ماڵ و حاڵیان بەجێھێشتووە.