ئەمڕۆ پەرلەمانی نوێی تورکیا یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام دەدات

2023-06-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجام دەدات، سبەینێش رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا سوێندی یاسایی دەخوات.

ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوەی خولی ٢٨ەمینی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت و کاندیدە دەرچووەکان سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەوانەشی بە ھەر ھۆکارێک ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابن، دەتوانن لە رۆژانی داھاتوو سوێند بخۆن. 

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی مەھەپە دەبێت، کە بە تەمەنترین ئەندامە و بەشێوەی کاتی ئەو کارەی پێسپێردراوە. 

ھاوکات ئەردۆغان ئامادەی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان و سوێندخواردنی کاندیدە دەرچووەکان دەبێت.

بڕیارە رۆژی شەممەش، ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا سوێندی یاسایی بخوات و کابینەی نوێی حکومەتەکەی رابگەیەنێت، رۆژی دواتریش ئەندامانی کابینەکەی لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و حکومەتی نوێ دەستبەکاردەبێت.