کۆمپانیای لوک ئۆیلی روسی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی لە عێراق زیادەکات

2023-06-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمپانیای لوک ئۆیلی روسی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێڵگەیەکی باشوری عێراق زیادکرد.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری لێپرسراوێکەوە بڵاویکردەوە، کۆمپانیای لوک ئۆیلی روسی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی لە کێڵگەی خۆرئاوای قەرنە دوو لە باشوری عێراق بە تێکڕای ٨٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیادکردووە، کە دەکاتە ٤٨٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانە. 

ئەو لێپرسراوە ئەوەشی بە رۆیتەرز وتووە، ئەو زیادکردنە دوای تەواوکردنی کارەکانی ٤٧ بیری نوێ بووە و رەنگە ئاستی بەرھەمھێنان بگەیەننە ٥٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەگەر پێویست بێت. 

ئەو زیادکردنەی لوک ئۆیلی روسی لەکاتێکدایە، راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە، عێراقیش چاوەڕێی وەڵامی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت.