وردەکاری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە

2023-04-26   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆکانی سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دەستپێدەکاتەوە و لەسەر سێ ئاراستە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان و دابەزاندنی بۆ رێژەی ٢٠%. ئەندامانی لیژنەی دارایش دەڵین پەسەندکردنی بودجە زۆر دواناکەوێت و سەرۆک وەزیران لیژنەکەیانی دەستکراوە کردووە بۆ گۆڕانکاری لە بڕگەکانی بودجە بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان.

مستەفا کەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لیژنەکەیان لە رۆژی چوارشەممەوە گفتوگۆکانی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەستپێدەکاتەوە و بە سێ ئاراستە کە بریتین لە کەمکردنەوەی بودجەی بەکاربردن و وەبەرھێنانی ناپێویست و قەرزەکان کار بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان دەکات کە بڕەکەی ناسروشتییە و لەوانەیە لە داھاتوودا کێشە بۆ ئابوری وڵات دروستبکات .

ھەروەھا جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، پەسەندکردنی بودجە دواناکەوێت لەبەرئەوەی تەنھا ئەو وەزارەت و پارێزگارانە بانگھێشتدەکەن کە گواستنەوە لە بودجەکەیاندا دەکرێت، ئەوەش ماوەی زەمەنی پەسەندکردنی بودجە کەمدەکاتەوە.

وتیشی، لیژنەیەکەیان دەسەڵاتی کەمکردنەوە و گواستنەوەی ھەیە و کاری لەسەر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان، دووپاتیشیکردەوە سەرۆک وەزیران ھەموو نەرمییەکی بۆ لیژنەکەیان نواندووە و ئامادەیی پیشانداوە کادری پێشکەوتووی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان رەوانەی کۆبوونەوەکانی لیژنەکەیان بکات ئەگەر پێویست بکات.

جەمال کۆچەر راشیگەیاند، حکومەت داوای پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵی کردووە لەبەر ئەوە پێویستە وردبینی جدی بۆ ژمارەکان بکەن تاکو ھیچ ھەڵەیەک روونەدات و پێویستە پێداگربن لەسەر کەمکردنەوەی کورتھێنان لەبەرئەوەی ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن نرخی نەوت بەجێگیری نەمێنێتەوە و لە ساڵانی داھاتوودا دادەبەزێت.

ھەروەھا سالم عەنبەکی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد، ھێشتا ژمارەیەک بڕگە لە بودجەدا بە ھەڵپەسێردراوی ماونەتەوە کە دیارترینیان قەبارەی کورتھێنانە کە لە٣٣%ی بودجە پێکدەھێنێت لەگەڵئەوەشدا ھەوڵێکی جدی ھەیە تاکو کەمبکرێتەوە بۆ ٢٠% بەتایبەت کە حکومەت بەڵێنی داوە روپۆشی کورتھێنان بکات و بەپێی داڕشتنە داراییەکان چارەسەری بکات.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٨ی ئەم مانگە خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجە کردووە و چاوەڕواندەکرێت لە مانگی ئایاردا پەسەندبکرێت.