سودانی: بەمنزیکانە چەند ناوێکی گەورە لەسەر گەندەڵی دادگایی دەکرێن

2023-03-19   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت بەمنزیکانە ژمارەیەک ناوی گەورە بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دادگایی دەکرێن و بەمنزیکانەش دەگەنە قۆناغی داماڵینی چەک لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان و چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بوونی نامێنێت.

سودانی لە چاوپێکەوتنێدا رایگەیاند، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران دەبێتە فاکتەرێک بۆ سەقامگیری سنورەکان و عێراق دژی ھەر جۆرە ھێرشەکە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستیان بە ھێزی شەڕکەری بیانی نیە و دۆستەکانیان لە واشنتۆن لەو بابەتە تێدەگەن، رونیشیکردەوە، پێویستە پەیوەندی نێوان ئێران و ئەمریکا و ھەندێ وڵاتی کەنداو رەنگدانەوەی لەناوخۆی عێراقدا نەبێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، داواکارییەکانی عەرەبی سونە ئەستەم نین و دەبوو چەند ساڵێک لەمەوبەر جێبەجێبکرانەیە،پێشبینیشی کرد بەمنزیکانە چەند ناوێکی گەورە بەتۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دادگایی بکرێن.

سەبارەت بە بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت سودانی رایگەیاند، بەمنزیکانە دەگەنە قۆناغی داماڵینی چەک لە ھەموو ھێزە سیاسییەکان و چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نامێنێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە موقتەدا سەدر رایگەیاند، رەوتی سەدر لە حاڵەتی گۆشەگیریدا نیە، دوای سەرنەکەوتنیان لە پێکھێنانی حکومەت بە پێی دیدگای خۆیان کشاونەتەوە، دووپاتیشیکردەوە، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خۆی.

 


 زۆرترین خوێندراو