راپۆرت

ھۆشداری لە لێکەوتەکانی دادگایی کردنی دۆناڵد ترامپ دەدرێت


لە دوای دیاری کردنی وادەی دادگایی کردنی "دۆناڵد ترامپ"، سیناتۆرێکی دیاری ئەنجومەنی پیران ھۆشداری دەدات لە زیندووکردنەوەی دۆسیەی سەرۆکانی پێشوو لەسەر پارتی دیموکراتەکان و دادگایی کردنیان ھاوشێوەی "ترامپ". 

"جۆن کورنین" سیناتۆری کۆمارییەکان ھۆشداری داوە لەوەی دادگایی کردنی "ترامپ" بۆ جاری دووەم لەبەردەم ئەنجومەنی پیران، ھۆکار دەبێت بۆ دادگایی کردنی بەشێک لە سەرۆکانی پێشووی پارتی دیموکراتەکان و ھەڵدانەوەی دۆسیەکانیان، ئەگەر بێتو کۆمارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ زۆرینەی ئەنجومەنی پیران بەدەست بھێننەوە. 

"جۆن کورنین" قسەکانی ئاڕاستەی "چاک شومەر" سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران کردووە و دەڵێت، ئەگەر دادگایی کردن و لێپرسینەوە لە "ترامپ" بیرۆکەیەکی باش بێت، کەواتە دەبێت بەشێک لە سەرۆکانی پێشووش کە لەسەر پارتی دیموکراتەکان بوون، دادگایی بکرێن. 

ھاوکات ژمارەیەک لە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی پیران دژایەتی خۆیان بۆ دادگایی کردنی "ترامپ" دەربڕیوە، کە رێگە نادات جارێکی تر خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکاتەوە و گۆشەگیر دەکرێت. 

پێشتریش "چاک شومەر" رایگەیاندبوو، لێپرسینەوە لە "ترامپ" ٨ی شوباتی داھاتوو دەستپێدەکات و داواکارانی گشتی لە دادگایی کردنەکەی "ترامپ" و تیمەی بەرگریکارانیش کاتی پێویستیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئامادەکارییەکان.

"ترامپ" یەکەمین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکا کە ٢ جار لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، جاری یەکەم بەھۆی ئەوەی کۆمارییەکان زۆرینە بوون لە ئەنجومەنی پیران، گۆشەگیرکردنی شکستی پێھێندرا، بەڵام ئێستا لە کۆنگرێسی ئەمریکا بە ھەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە دیموکراتەکان زۆرینەن، کە ئەوەش لە بەرژەوەندی "ترامپ" نییە و کۆمارییەکان ناتوانن ویستی خۆیان زاڵ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ٥٠ بە ٥٠ی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران لە نێوان دیموکراتی و کۆمارییەکان، پەسەندکردنی ئەو پرسەی قورس کردووە.



مانگ پێشتر - Jan 24 2021 1:23PM
Print Friendly and PDF
زیاتر