کوردستان

بەھۆی بەفربارینەوە نرخی نەوتی سپی بەرزدەبێتەوە


بەھۆی بەفربارین و داخستنی رێگاکانی سەرسنوور، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥ ھەزار دینار بەرزبووەتەوە.

"سۆران غەفور"بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە قائیمقامییەتی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پێشتر نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی بازرگانی بە ١٠٥ ھەزار دینار بە ھاووڵاتییان دەفرۆشرا، بەڵام چەند رۆژێکە  بەھۆی بەفربارین و داخستنی رێگای سنوورەکان نرخی بەرمیلێک بۆ ١١٥ ھەزار تاوەکو ١٢٠ ھەزار دینار بەرزبووەتەوە.

وتیشی ، وەک لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی دەتوانن تەنھا رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی ئەو نەوتە بکەن کە حکومەتی عێراق بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی دەنێرێت چونکە نرخەکەی دیاریکراوە و نرخی نەوتی بازرگانی جێگیر نییە و رۆژانە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت. 

ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی بەرمیلێک نەوتی سپی کە حکومەتی عیراق بۆ ھاووڵاتیانی دەنێرێت بە ٤٨ ھەزار دینارە، ئەمەش تاڕادەیەک ڕێگری کردووە لەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت لەبازاڕەکاندا بەرزتر ببێتەوە.

ھەرچەندە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٩ لە راگەیەنراوێکی رەسمیدا جەختی کردەوە پێش وەرزی زستان نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتیان دابین دەکەن، بەڵام دوای تێپەڕبوونی دوو زستان بەسەر ئەو بڕیارە، تائێستا ئەو نەوتە دابەشنەکراوە و لە بەغدادەوە نەوت بۆ ھەرێم دێت.



مانگ پێشتر - Jan 23 2021 9:45PM
Print Friendly and PDF
زیاتر