ھەناردەی نەوتی عێراق لە ٢٠٢٠دا ئاشکرادەکرێت
حکومەتی عێراق لە ٢٠٢٠دا زیاتر لە ملیارێک بەرمیل نەوتی ھەناردە کردووە، کۆمپانیاکانی چین و ھندستانیش زۆرترین نەوتیان کڕیوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی ھەناردەی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە ملیارێک و ٩٦ ملیۆن و ٣٤٥ ھەزار بەرمیل، بە رێژەی ٩١ ملیۆن و ٣٦٢ ھەزار بەرمیل لە مانگێکدا، رۆژانەش گەیشتوەتە ٢ ملیۆن و ٣٦٢ ھەزار بەرمیل، کۆمپانیاکانی چین و ھندستانیش زۆرترین بڕی نەوتیان لە عێراق کڕیوە، دوای ئەوانیش کۆمپانیاکانی ئەمریکا دێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داھاتی فرۆشتنی نەوتی خاو لە ساڵی رابردودا، گەیشتووەتە ٤١ ملیار و ٧٥٥ ملیۆن دۆلار، کە مانگانە ٣ ملیار و ٤٧٩ ملیۆن دۆلار بووە و نرخی رێژەیی ھەر بەرمیلێکیش بە ٣٨ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە.
ھەروەھا وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، لە کێڵگەکانی بەسرە و ناوەڕاستی عێراق، ملیارێک و ٦٠ ملیۆن و ٤٥٤ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە کراوە و داھاتەکەیان ٤٠ ملیار و ٤٨٨ ملیۆن دۆلار بووە، لە کێڵگەکانی کەرکوکیش ٣٣ ملیۆن و ٨ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە، داھاتەکەشی ملیارێک و ١٩٦ ملیۆن دۆلار بووە، کۆی گشتی ھەناردەی کێڵگەی گەیارەش ٦١٧ ملیۆن و ٨٩٤ ھەزار بەرمیل بووە و ١٢ ملیۆن و ٧٦٥ ھەزار دۆلار داھاتی ھەبووە.
|