ئەمریکا ئامادە نییە تەواوی سزاکانی سەر ئێران ھەڵبگرێت

2021-06-26   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، بەشێک لەو سزایانەی لە سەردەمی (تڕەمپ) بەسەر تاراندا سەپێنراون دەمێننەوە.

(ڕۆبەرت مالی) نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، سەرجەم سزاکان لەسەر ئێران ھەڵناگیرێت، کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشوو بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێنراوە.


وتیشی، ھەر کات گفتوگۆکانی ڤییەننا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبێت، تیمی دانوستانی وڵاتەکەی دەکشێتەوە، ئامانجی ئەمریکاش لە گفتوگۆکان ڕێگریکردنە لە ئێران بۆ بەدەستھێنانی چەکی ئەتۆمی.


(ڕۆبەرت مالی) ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئیدارەی کۆشکی سپی لە نزیکەوە ڕاوێژ لەگەڵ ئیسڕائیل دەکات، تا ئێستاش یەک ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ڕایگەیاند، تا سزاکانی سەر وڵاتەکەی ھەڵنەگیرێت، پاشگەزنابنەوە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم.