وەفدی عێراق و گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بەهای دینار کۆبوونەوە

2023-02-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی عێراق ئاستەنگە ئابورییەکانی عێراقیان تاوتوێکرد و جەختیان لە بەھێزکردنی ئابوری عێراق کردەوە.

بەپێی راگەیەنراوێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆبونەوەی جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق گرنگی بەردەوامی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دوپاتکرایەوە.

لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، کۆبونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئابوری عێراق و پلانەکانی حکومەت بۆ چاکسازییەکانی کەرتی ئابوری و پابەندبونی ھاوبەش بووە بە ڕێوشوێنەکانی دژی سپیکردنەوەی پارە.

ھاوکات جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی عێراق، گرنگی بەردەوامی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیان دوپاتکردەوە، ھەردولا تاوتوێی ئاستەنگە ئابورییەکانی عێراقیان کرد لەوانە گەندەڵی و پشتبەستن بە وزە و پرسەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ، ھەروەھا جەختیان لە بەھێزکردنی ئابوری عێراق کردەوە.

لەلای خۆشیەوە"فوئاد حسێن"وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەرێنی بووە و لەسەرووی ئاستی پێشبینییەکانەوە بووە.