دوای کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە ھەولێر رایگەیاند، بەھای دیناری عێراقی نزیکەی ١٠ ھەزار دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە و ئێستا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر ١٦٤ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئێوارەی رۆژی ھەینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە تورکیا، لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبووەوە و بەپێی راگەیەندراوی بانکی ناوەندی، ھەردوولا رێککەوتن ھەماھەنگی بکەن بۆ جێگیرکردنی بەھای دراو لە عێراق، ھەروەھا وەفدی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ ئاسایشی ئابووریی عێراق دەربڕیووە و کۆبوونەوەکانیش بەردەوام دەبن.
بانکی ناوەندیی عێراق راشیگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا نەرمی نواندووە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە ھاوبەشەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن.