دامەزراندنی ١٨ راوێژکار لەلایەن سودانییەوە کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

2023-01-31   |  
فۆتۆ: 
هەژار
لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەپێی یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٢٢ تایبەت بە رێکخستنی کاری راوێژکارەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی دەسەڵاتی دامەزراندنی شەش راوێژکاری ھەیە، بەڵام تائێستا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ١٨ راوێژکاری لە ئەنجومەنی وەزیرانی دامەزراندووە و بەرەسمیش داوای رونکردنەوەیان لە سودانی کردووە رونکردنەوە بدات کە پاڵپشت بە چی دەقێکی یاسایی ١٨ راوێژکاری بۆ ئەنجومەنی وەزیران دامەزراندوە.

لای خۆیەوە، باسم خەشان پەرلەمانتاری سەربەخۆش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، دامەزراندنی ئەو راوێژکارانە کە ھەر یەکێکیان سەر بەلایەنێکی سیاسین، تەنھا بۆ رازیکردن و جێبەجێکردنی داواکاری ئەو لایەنانەیە و دامەزراندنی زۆربەشیان پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.