ژمارەیەک پەرلەمانتار داوادەکەن سودانی بانگھێشتی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت

2023-01-31   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
باسم غەرابی پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٨٠ ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆ بانگھێشتکردنی سودانی تاوەکو روونکردنەوە بدات سەبارەت بە دابەزینی بەھای دیناری بەرامبەر دۆلار .


"غەرابی" لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە ٨٠ ئیمزای ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆکراوەتەوە و داواکارییەکی رەسمی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی بەپەلە بە میوانداری "محەمەد شیاع سودانی" سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوەکو روونکردنەوە لەبارەی دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار بدات. 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، دەیانەوێت راستەوخۆ ھۆکاری دابەزینی بەھای دیناریان بۆ روونبکرێتەوە و رێکارەکانی داھاتووی حکومەتیش بۆ دانانی چارەسەرێک بۆ ئەو رەوشە بزانن.

وتیشی، لەئێستادا پرسی دۆلار یەکێکە لە گرنگترین پرسەکان کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت تاوتوێ بکرێت.