شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

2023-01-27   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە سبەینێوە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تا رۆژی چوارشەممەی داھاتوو بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە ئاسمان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەل دابارینی نمەبارانی کەم و بەفر لەناوچە شاخاوییەکان، ھەروەھا سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای ھەرێم دەستپێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەی جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە وە لەکاتەکانی درەنگانی شەودا کاریگەری دابارین زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەوە کاریگەری شەپۆلەکە بەھێزدەبێت و بارانبارین تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، ھەروەھا پلەکانی گەرما دادەبەزن و رۆژی چوارشەممە کۆتایی بە کاریگەری ئەو شەپۆلە دێت.